پیشاندان:
8. سورة الأنفال
وَمَا لَهُمْ أَلَّا يُعَذِّبَهُمُ ٱللَّهُ وَهُمْ يَصُدُّونَ عَنِ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ وَمَا كَانُوٓا۟ أَوْلِيَآءَهُۥٓ ۚ إِنْ أَوْلِيَآؤُهُۥٓ إِلَّا ٱلْمُتَّقُونَ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ34
تهفسیری ئاسان: ئایا چی هەیە بۆ ئەوان کە خوا سزایان نەدات؟! لەکاتێکدا کە ئەوان ڕێگری دەکەن و نایەڵن خەڵکی ڕووبکاتە مزگەوتی حەرام (کەعبە)، ئەوانە هەر شایستەی ئەوە نین کە سەرپەرشتیاری بن، هیچ تاقمێک شایستەی سەرپەرشتیاری کەعبە نیە بێجگە لە خواناس و پارێزکاران، بەڵام زۆربەشیان (لەو ڕاستیانە) بێئاگان.
وَمَا كَانَ صَلَاتُهُمْ عِندَ ٱلْبَيْتِ إِلَّا مُكَآءًۭ وَتَصْدِيَةًۭ ۚ فَذُوقُوا۟ ٱلْعَذَابَ بِمَا كُنتُمْ تَكْفُرُونَ35
تهفسیری ئاسان: ئەوانە نزا و پاڕانەوەشیان لەلای ماڵی خوادا (کەعبەی پیرۆز) جگە لە فیکەکێشان و چەپڵە لێدان شتێکی تر نەبووە، کەوابوو بچێژن سزای کوشتن و دیلی (لە غەزای بەدردا) بەوەی کە ئێوە بێ باوەڕو لە خوا یاخی دەبوون.
إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ يُنفِقُونَ أَمْوَٰلَهُمْ لِيَصُدُّوا۟ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ فَسَيُنفِقُونَهَا ثُمَّ تَكُونُ عَلَيْهِمْ حَسْرَةًۭ ثُمَّ يُغْلَبُونَ ۗ وَٱلَّذِينَ كَفَرُوٓا۟ إِلَىٰ جَهَنَّمَ يُحْشَرُونَ36
تهفسیری ئاسان: بێگومان ئەوانەی بێ باوەڕن، ماڵ و سامانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ ئەوەی بەشێنەیی بەربەست دانێن و ڕێگری بکەن لە بەردەم ئاین و ڕێبازی خوادا، جا ماڵ و سامانیان لە ئایندەدا بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەکەن! پاشان دەبێتە پەشیمانی و داخ و حەسرەت لەسەریان، لەدوایدا شکست دەهێنن، بێگومان ئەوانەش کە بێ باوەڕ بوون بۆ دۆزەخ کۆ دەکرێنەوە و ڕاپێچ دەکرێن.
لِيَمِيزَ ٱللَّهُ ٱلْخَبِيثَ مِنَ ٱلطَّيِّبِ وَيَجْعَلَ ٱلْخَبِيثَ بَعْضَهُۥ عَلَىٰ بَعْضٍۢ فَيَرْكُمَهُۥ جَمِيعًۭا فَيَجْعَلَهُۥ فِى جَهَنَّمَ ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ هُمُ ٱلْخَٰسِرُونَ37
تهفسیری ئاسان: (بەسەرهات و ڕووداوەکان) بۆ ئەوەیە کە: خوا کەسانی دەروون پیس و ناپاک لەکەسانی دەروون خاوێن و پاک جیا بکاتەوە و پیس و ناپاکەکانیش لەسەریەک کەڵەکە بکات و هەموویان بدات بە مل یەکدا بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە بەگشتی، ئینجا فڕێیان بداتە ناو دۆزەخەوە، ئا ئەوانە هەر خۆیان خەسارەتمەند و زەرەرمەندن.
قُل لِّلَّذِينَ كَفَرُوٓا۟ إِن يَنتَهُوا۟ يُغْفَرْ لَهُم مَّا قَدْ سَلَفَ وَإِن يَعُودُوا۟ فَقَدْ مَضَتْ سُنَّتُ ٱلْأَوَّلِينَ38
تهفسیری ئاسان: ئەی محمد(صلی اللە علیە وسلم) بەکافران بڵێ: ئەگەر کۆڵ بدەن و واز بهێنن و(باوەڕبهێنن)، ئەوە بێگومان چاوپۆشی لە گوناهی ڕابردوویان دەکرێت، خۆ ئەگەر بگەڕێنەوەو بەبەردەوامی دژایەتی (ئاینی خوا) بکەن، جا ئەوە بەڕاستی یاسای نەتەوە یاخی بووە پێشینەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
وَقَٰتِلُوهُمْ حَتَّىٰ لَا تَكُونَ فِتْنَةٌۭ وَيَكُونَ ٱلدِّينُ كُلُّهُۥ لِلَّهِ ۚ فَإِنِ ٱنتَهَوْا۟ فَإِنَّ ٱللَّهَ بِمَا يَعْمَلُونَ بَصِيرٌۭ39
تهفسیری ئاسان: (ئەی ئیمانداران) ئێوەش بجەنگن دژ بەکافرو خوانەناسان تا فیتنە و ئاشووب و ئازاردانی موسڵمان نەمێنێت و (ئەو خەڵکە سەربەست بن لە هەڵبژاردنی بەرنامە و ئایندا)، تا دین و فەرمانبەرداری هەر هەمووی بۆ خوا بێت، جا ئەگەر بێ باوەڕان کۆڵ بدەن، ئەوە بابزانن بەڕاستی خوا بینایە بەهەموو ئەو کارو کردەوانەی کە دەیکەن.
وَإِن تَوَلَّوْا۟ فَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّ ٱللَّهَ مَوْلَىٰكُمْ ۚ نِعْمَ ٱلْمَوْلَىٰ وَنِعْمَ ٱلنَّصِيرُ40
تهفسیری ئاسان: خۆ ئەگەر ئەو خوانەناسانە هەر پشتهەڵکەن و واز نەهێنن، ئەوە بزانن کە خوا پشتیوان و سەرپەرشتیارتانە کە پشتیوانێکی چاک و یارمەتی دەرێکی چاکە.