پیشاندان:
9. سورة التوبة
إِنَّمَا ٱلنَّسِىٓءُ زِيَادَةٌۭ فِى ٱلْكُفْرِ ۖ يُضَلُّ بِهِ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ يُحِلُّونَهُۥ عَامًۭا وَيُحَرِّمُونَهُۥ عَامًۭا لِّيُوَاطِـُٔوا۟ عِدَّةَ مَا حَرَّمَ ٱللَّهُ فَيُحِلُّوا۟ مَا حَرَّمَ ٱللَّهُ ۚ زُيِّنَ لَهُمْ سُوٓءُ أَعْمَٰلِهِمْ ۗ وَٱللَّهُ لَا يَهْدِى ٱلْقَوْمَ ٱلْكَٰفِرِينَ37
تهفسیری ئاسان: بەڕاستی دواخستن و دەستکاری کردنی ئەو مانگانەی کە جەنگ تیایاندا حەرامە، بۆ کاتێکی تر؛ سەرکەشی و ڕۆچونێکی زیاترە لە کوفرو خوانەناسیدا، ئەوانەی کە بێ بڕوا بوون پێی گومڕا دەکرێن، ساڵێک ئەو دەستکاریە بەحەڵاڵ دادەنێن و ساڵێکیش بەحەرام، بۆ ئەوەی ئەو مانگانە ڕێک بکەون لەگەڵ ژمارەی ئەو مانگانەی کە خوا حەرامی کردوون، بەم جۆرە ئەوەی خوا حەرامی کردبوو حەڵاڵیان دەکرد، ئەوانە کردارە ناپەسەندەکانی خۆیان لا جوان کرابوو، خوایش هیدایەت و ڕێنموویی هۆزی بێ باوەڕان ناکات.
يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ مَا لَكُمْ إِذَا قِيلَ لَكُمُ ٱنفِرُوا۟ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ٱثَّاقَلْتُمْ إِلَى ٱلْأَرْضِ ۚ أَرَضِيتُم بِٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا مِنَ ٱلْءَاخِرَةِ ۚ فَمَا مَتَٰعُ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا فِى ٱلْءَاخِرَةِ إِلَّا قَلِيلٌ38
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان هێناوە: ئەوە بۆچی کاتێک پێتان دەوترێت ڕاپەڕن و ئامادەبن و هێرش بەرن لە پێناوی ئاینی خوادا (دژی ئەو خوانەناسانەی کە خۆیان ئامادە کردووە بۆ کوژاندنەوەی نووری خوا) ئێوە لەشتان دادەهێزرێت و دەلکێن بەزەویداو زەمین گیردەبن (ئەڵبەتە ئەم بانگەوازە هەرکاتێک لەلایەن سەرکردایەتی حەکیم و داناو بڕوا پێ کراوەوە بڕیار درا، کە هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەی ئیماندارانە و ئەزموونی ساڵەها جیهادو خەباتی ژێر زەمینی هەیە، دەبێت لەلایەن هەموو ئیماندارانەوە پەیڕەوی بکرێت) ئایا ئێوە ڕازین بە ژیانی دنیاو بەگرنگتری دەزانن لە ژیانی نەبڕاوەی قیامەت لە بەهەشتی بەرین، بێگومان ژیانی دنیا بە بەراورد لەگەڵ ژیانی پڕ لە شادیی قیامەتدا زۆر زۆر کەم تەمەن و کەم خۆشی یە.
إِلَّا تَنفِرُوا۟ يُعَذِّبْكُمْ عَذَابًا أَلِيمًۭا وَيَسْتَبْدِلْ قَوْمًا غَيْرَكُمْ وَلَا تَضُرُّوهُ شَيْـًۭٔا ۗ وَٱللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَىْءٍۢ قَدِيرٌ39
تهفسیری ئاسان: ئەگەر (بۆ جیهاد) ڕانەپەڕن و دەستبەکار نەبن، ئەوە سزایەکی زۆر بەئێشتان دەدات و کەسانێکی تر دەهێنێتە کایەوە لە ئێوە نەبن، وەنەبێت ئێوە بتوانن هیچ زەرەر و زیانێک بە خوا بگەیەنن، (بەنەچوونتان بەدەم بانگەوازی خواوە، بەڵکو نافەرمانی و دنیاپەرستی هەر زیان لە خۆتان دەدات)، خوایش هەمیشە بەسەر هەموو شتێکدا دەسەڵاتدارە.
إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ ٱللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ ثَانِىَ ٱثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِى ٱلْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَٰحِبِهِۦ لَا تَحْزَنْ إِنَّ ٱللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنزَلَ ٱللَّهُ سَكِينَتَهُۥ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُۥ بِجُنُودٍۢ لَّمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ ٱلسُّفْلَىٰ ۗ وَكَلِمَةُ ٱللَّهِ هِىَ ٱلْعُلْيَا ۗ وَٱللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ40
تهفسیری ئاسان: ئەگەر ئێوە پشتگیری پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) نەکەن و یارمەتی نەدەن، ئەوە بەڕاستی خوا پشتگیری کردو سەری خست، کاتێک ئەوانەی بێ باوەڕ بوون دەریان کرد لە شاری مەککە و یەکێک بوو لەو دوو کەسە کاتێک هەردووکیان لەناو ئەشکەوتەکەدا بوون (کاتێک بێ باوەڕەکان گەشتبوونە دەوروبەری ئەشکەوتەکە ئەبوبەکری هاوەڵی خەمی لێهات) پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) دڵی دایەوە و پێی وت: خەفەت مەخۆ، دڵنیابە خوامان لەگەڵە، ئەوسا ئیتر خوا ئاسوودەی و ئارامی خۆی دابەزاندە سەری و پشتگیری و بەهێزی کرد بە سەربازانێک کە ئێوە نەتاندەبینین و بەرنامەو ئاینی بێ باوەڕانی دانەواند و ڕیسواتری کرد، بەرنامەو ئاینی خوایش هەمیشە بەرزو بڵندترە، خوایش هەمیشە باڵادەست و دانایە.