پیشاندان:
20. سورة طه
فَتَعَٰلَى ٱللَّهُ ٱلْمَلِكُ ٱلْحَقُّ ۗ وَلَا تَعْجَلْ بِٱلْقُرْءَانِ مِن قَبْلِ أَن يُقْضَىٰٓ إِلَيْكَ وَحْيُهُۥ ۖ وَقُل رَّبِّ زِدْنِى عِلْمًۭا114
تهفسیری ئاسان: خوای گەورە زۆر پایە بەرزو بڵندە و پاشای بە حەق و ڕاستەقینەیە، (ئەی محمد صلی اللە علیە وسلم) نەکەیت لە خوێندنی قورئاندا پەلە بکەیت: لە پێش ئەوەی وەحی و نیگای ئەو قورئانە تەواو ببێت بۆ لای تۆ (چونکە ئێمە نایەڵین فەرامۆشی بکەیت) نزا بکە و بشڵێ: پەروەردگارا، بەردەوام زانست و زانیاری زۆرترو زیاترم پێ ببەخشە.
وَلَقَدْ عَهِدْنَآ إِلَىٰٓ ءَادَمَ مِن قَبْلُ فَنَسِىَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُۥ عَزْمًۭا115
تهفسیری ئاسان: سوێند بەخوا بێگومان ئێمە پێشتر پەیمانمان لە ئادەم وەرگرت (کە نزیکی درەختی قەدەغە کراو نەکەوێت) کەچی بیری چوو، بە مەرجێک نەمانبینی پێشتر بڕیاری کردنی ئەو سەرپێچییە بدات.
وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَٰٓئِكَةِ ٱسْجُدُوا۟ لِءَادَمَ فَسَجَدُوٓا۟ إِلَّآ إِبْلِيسَ أَبَىٰ116
تهفسیری ئاسان: سەردەمێک بەفریشتەکانمان وت: سوژدە بەرن بۆ ئادەم، هەموو سوژدەیان برد، جگە لە ئیبلیس کە سەرسەخت و یاخی بوو.
فَقُلْنَا يَٰٓـَٔادَمُ إِنَّ هَٰذَا عَدُوٌّۭ لَّكَ وَلِزَوْجِكَ فَلَا يُخْرِجَنَّكُمَا مِنَ ٱلْجَنَّةِ فَتَشْقَىٰٓ117
تهفسیری ئاسان: جا وتمان: ئەی ئادەم، بەڕاستی ئەم (ئیبلیسە) دوژمنی خۆت و هاوسەرەکەتە، وریابن لە بەهەشت بەدەرکردنتان نەدات، بە هۆیەوە تووشی ناخۆشی و نەگبەتی و دەربەدەری ببن.
إِنَّ لَكَ أَلَّا تَجُوعَ فِيهَا وَلَا تَعْرَىٰ118
تهفسیری ئاسان: دڵنیاشبە تۆ لە بەهەشتدا نەبرسیت دەبێت نەرووت و ڕەجاڵ دەبیت و...
وَأَنَّكَ لَا تَظْمَؤُا۟ فِيهَا وَلَا تَضْحَىٰ119
تهفسیری ئاسان: نەتینووشت دەبێت و نەگەرماش زۆرت بۆ دەهێنێت.
فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ ٱلشَّيْطَٰنُ قَالَ يَٰٓـَٔادَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَىٰ شَجَرَةِ ٱلْخُلْدِ وَمُلْكٍۢ لَّا يَبْلَىٰ120
تهفسیری ئاسان: جا شەیتان گومانی خستە دڵیەوە و پێی وت: ئەی ئادەم پێت بڵێم و نیشانت بدەم درەختی نەمری و موڵک و داراییەک کە بەسەرناچێت کامەیە؟!!
فَأَكَلَا مِنْهَا فَبَدَتْ لَهُمَا سَوْءَٰتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِن وَرَقِ ٱلْجَنَّةِ ۚ وَعَصَىٰٓ ءَادَمُ رَبَّهُۥ فَغَوَىٰ121
تهفسیری ئاسان: (شەیتان هەر کۆڵی نەدا تا فریوی دان) هەردووکیان لە بەروبوومی درەختەکەیان خوارد (ئیتر جل و بەرگ و پۆشاکیان داماڵرا)، عەیب و عاریان دەرکەوت، بەپەلە هەوڵیاندا بەگەڵای درەختەکانی بەهەشت (خۆیان داپۆشن) ئابەو شێوەیە ئادەم یاخی بوو لە پەروەردگاری و فریوی خواردو ڕێگای لێ تێکچوو، پاشان پەروەردگاری هەڵی بژارد و (کردی بە پێغەمبەر) تەوبەی لێ وەرگرت و هیدایەت و ڕێنموویی کرد.
ثُمَّ ٱجْتَبَٰهُ رَبُّهُۥ فَتَابَ عَلَيْهِ وَهَدَىٰ122
تهفسیری ئاسان: پاشان پەروەردگاری هەڵیبژارد بۆ پێغەمبەرێتی و لەخۆی نزیک خستەوەو تەوبەشی لێ وەرگرت و شارەزا و ڕێنمایی کرد، بۆ پارانەوەو داوا کردنی لێخۆشبوون.
قَالَ ٱهْبِطَا مِنْهَا جَمِيعًۢا ۖ بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّۭ ۖ فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُم مِّنِّى هُدًۭى فَمَنِ ٱتَّبَعَ هُدَاىَ فَلَا يَضِلُّ وَلَا يَشْقَىٰ123
تهفسیری ئاسان: (ئەوسا خوای گەورە فەرمانیدا) وتی: ئیتر هەردووکتان لە بەهەشت دابەزن بەگشتی، هەندێکتان دەبنە دوژمنی هەندێکتان، جا ئەگەر هیدایەت و ڕێنموویی من بۆ ئێوە هات، ئەوەی شوێنی بەرنامەکەم بکەوێت، نەگومڕا دەبێت، نە ناخۆشی و ناڕەحەتی و ناسۆر دێتە ڕێی.
وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِى فَإِنَّ لَهُۥ مَعِيشَةًۭ ضَنكًۭا وَنَحْشُرُهُۥ يَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ أَعْمَىٰ124
تهفسیری ئاسان: ئەوەیش ڕوو وەربگێرێت لە بەرنامە و یادی من پشتی تێ بکات، بێگومان بۆ ئەو جۆرە کەسانە ژیانێکی ترش و تاڵ و ناخۆش پێش دێت، لە ڕۆژی قیامەتیشدا بەکوێری حەشری دەکەین..
قَالَ رَبِّ لِمَ حَشَرْتَنِىٓ أَعْمَىٰ وَقَدْ كُنتُ بَصِيرًۭا125
تهفسیری ئاسان: ئەو جۆرە کەسە دەڵێت: ئەی پەروەردگار بۆ بەکوێری حەشرت کردم خۆ من کاتی خۆی چاوساغ و بینا بووم.