پیشاندان:
25. سورة الفرقان
وَٱلَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ ٱلنَّفْسَ ٱلَّتِى حَرَّمَ ٱللَّهُ إِلَّا بِٱلْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ يَلْقَ أَثَامًۭا68
تهفسیری ئاسان: هەروەها ئەوانەی هیچ جۆرە خوایەکی تر لەگەڵ خوادا ناپەرستن، کەسیش ناکوژن کە خوا کوشتنی حەرام کردبێت مەگەر بە حەق و ڕەوا، هەروەها زینا ناکەن و نزیکی ناکەون، جا ئەوەی ئەو جۆرە کارە خراپانە ئەنجام بدات، ئەوە توشی سزا و ئازارو ڕیسوایی دەبێت.
يُضَٰعَفْ لَهُ ٱلْعَذَابُ يَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِۦ مُهَانًا69
تهفسیری ئاسان: لە قیامەتیشدا ئازارو سزای بۆ چەند بەرابەر دەکرێت وبە زەلیلی و خەجاڵەتی و شەرمەزارییەوە دەبێت ژیانی تێدا بەرێتە سەر.
إِلَّا مَن تَابَ وَءَامَنَ وَعَمِلَ عَمَلًۭا صَٰلِحًۭا فَأُو۟لَٰٓئِكَ يُبَدِّلُ ٱللَّهُ سَيِّـَٔاتِهِمْ حَسَنَٰتٍۢ ۗ وَكَانَ ٱللَّهُ غَفُورًۭا رَّحِيمًۭا70
تهفسیری ئاسان: مەگەر ئەو کەسەی تەوبە بکات و باوەڕ بهێنێت وکار وکردەوەی چاکە ئەنجام بدات، ئا ئەو جۆرە کەسانە خوا کار و کردەوە خراپەکانیشیان بۆ دەگۆڕێت بە چاکە، چونکە هەمیشە و بەردەوام خوا لێخۆشبوو میهرەبانە (بەرامبەر خەڵکی بە گشتی و ئەو جۆرە کەسانە بە تایبەتی).
وَمَن تَابَ وَعَمِلَ صَٰلِحًۭا فَإِنَّهُۥ يَتُوبُ إِلَى ٱللَّهِ مَتَابًۭا71
تهفسیری ئاسان: جا ئەوەی کە تەوبە دەکات و کارو کردەوەی چاکە ئەنجام دەدات و بەتەمایە پەروەردگار تەوبەکەی لێوەربگرێت؛ ئەوە بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ لای خوا بە تەوبەیەکی ڕاست ودروستەوە.
وَٱلَّذِينَ لَا يَشْهَدُونَ ٱلزُّورَ وَإِذَا مَرُّوا۟ بِٱللَّغْوِ مَرُّوا۟ كِرَامًۭا72
تهفسیری ئاسان: (بەندەکانی خوای میهرەبان) ئەوانەشن کە شایەتی ناحەق نادەن، هەرگیز لە شوێنێکدا ئامادە نابن کە شایەتی ناحەقی تێدا ئەنجام دەدرێت و یان درۆی تێدا دەکرێت، کاتێکیش بە لای گەمە و گاڵە و چەپۆکانی نەفاماندا تێدەپەڕن، بە هێمنی و لەسەرخۆیی و سەربەرزیەوە تێدەپەڕن.
وَٱلَّذِينَ إِذَا ذُكِّرُوا۟ بِـَٔايَٰتِ رَبِّهِمْ لَمْ يَخِرُّوا۟ عَلَيْهَا صُمًّۭا وَعُمْيَانًۭا73
تهفسیری ئاسان: هەروەها ئەوانەش؛ کاتێک بە ئایەت و فەرمانەکانی پەروەردگاریان بێدار بکرێنەوە، هەروا بەکەڕی و کوێری بەلایاندا تێناپەڕن (بەڵکو تێدەفکرن و لێکی دەدەنەوەو پاشان پەیڕەوی دەکەن).
وَٱلَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا هَبْ لَنَا مِنْ أَزْوَٰجِنَا وَذُرِّيَّٰتِنَا قُرَّةَ أَعْيُنٍۢ وَٱجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِينَ إِمَامًا74
تهفسیری ئاسان: ئەوانەشن کە دەڵێن: پەروەردگارا لە هاوسەران و نەوەکانمان کەسانێکمان پێ ببەخشە کە ببنە مایەی ڕووناکی دیدەمان و شادمانی دڵمان و بمان کە بە پێشەوا بۆ پارێزکاران و خواناسان.
أُو۟لَٰٓئِكَ يُجْزَوْنَ ٱلْغُرْفَةَ بِمَا صَبَرُوا۟ وَيُلَقَّوْنَ فِيهَا تَحِيَّةًۭ وَسَلَٰمًا75
تهفسیری ئاسان: ئەو جۆرە کەسانەی (کە باسکران) پاداشتیان ژوورە (ڕازاوە و بەرزو خۆشەکانی بەهەشتە) لە بەرامبەر خۆگرتن و ئارامگرتنیانەوە، جا لەوێ بە سڵاو و دروود پێشوازیان لێدەکرێت (بۆ هەمیشە دەحەوێنەوە تیایدا).
خَٰلِدِينَ فِيهَا ۚ حَسُنَتْ مُسْتَقَرًّۭا وَمُقَامًۭا76
تهفسیری ئاسان: بێگومان لە ناو ژوورەکانی بەهەشتدا ژیانی کامەرانی و بەردەوام دەبەنە سەر، بەڕاستی جێگە وڕێگە و نیشتەجێییەکی خۆش و سازگار و ڕازاوەیە.
قُلْ مَا يَعْبَؤُا۟ بِكُمْ رَبِّى لَوْلَا دُعَآؤُكُمْ ۖ فَقَدْ كَذَّبْتُمْ فَسَوْفَ يَكُونُ لِزَامًۢا77
تهفسیری ئاسان: تۆ ئەی محمد صلی اللە علیە وسلم پێیان بڵێ: (خەڵکینە) پەروەردگارم هیچ گوێتان پێ نادات و نرختان بۆ دانانێت، ئەگەر دوعاو نزاو خواپەرستیتان نەبێت، کەچی زۆربەتان هەر پێغەمبەر و قورئانتان بە درۆزانی، ئەگەر بەردەوام وابن، ئەوا سزاو تۆڵەی خوایی لە ئایندەدا یەخەتان پێ دەگرێت لە کۆڵتان نابێتەوە.