پیشاندان:
27. سورة النمل
وَلَقَدْ أَرْسَلْنَآ إِلَىٰ ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَٰلِحًا أَنِ ٱعْبُدُوا۟ ٱللَّهَ فَإِذَا هُمْ فَرِيقَانِ يَخْتَصِمُونَ45
تهفسیری ئاسان: سوێند بە خوا بۆ هۆزی (ثمود) یش صاڵحی برایانمان نارد، فەرمانمان پێدا کە پێیان بڵێ: تەنها خوا بپەرستن، کەچی دەستبەجێ خەڵکەکە بوون بە دوو دەستەوە و کێشە و ناخۆشی لە نێوانیاندا بەرپا بوو.
قَالَ يَٰقَوْمِ لِمَ تَسْتَعْجِلُونَ بِٱلسَّيِّئَةِ قَبْلَ ٱلْحَسَنَةِ ۖ لَوْلَا تَسْتَغْفِرُونَ ٱللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ46
تهفسیری ئاسان: صاڵح پێی وتن: ئەی قەوم و کەسم بۆچی ئێوە پەلەی خراپەتانە پێش چاکە و حەز دەکەن بەڵاو ناخۆشیتان بەسەر بێت، ئەی بۆچی داوای لێخۆشبوون لە خوا ناکەن بۆ ئەوەی ڕەحمتان پێ بکرێت (خوای گەورە دەرووی زیاترتان لێ بکاتەوە).
قَالُوا۟ ٱطَّيَّرْنَا بِكَ وَبِمَن مَّعَكَ ۚ قَالَ طَٰٓئِرُكُمْ عِندَ ٱللَّهِ ۖ بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌۭ تُفْتَنُونَ47
تهفسیری ئاسان: خەڵکەکە وتیان: ئێمە تووشی شووم و نەگبەتی بووین بە هۆی تۆو ئەوانەی لەگەڵ تۆدان، صاڵح وتی: نەخێر وا نییە، نەگبەتی و شوومتان لەلایەن خواوە بۆ دێت (ئەگەر بەردەوام بن لەسەر یاخی بوونتان)، بەڵکو ئێوە قەومێکن کە تاقی دەکرێنەوە.
وَكَانَ فِى ٱلْمَدِينَةِ تِسْعَةُ رَهْطٍۢ يُفْسِدُونَ فِى ٱلْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ48
تهفسیری ئاسان: لەو شارەدا نۆ دەستە هەبوو کە گوناهو تاوانیان ئەنجام دەداو تۆوی خراپەیان لە وڵاتدا دەچاندو بەلای چاکەو چاکەکاریدا نەدەچاوون.
قَالُوا۟ تَقَاسَمُوا۟ بِٱللَّهِ لَنُبَيِّتَنَّهُۥ وَأَهْلَهُۥ ثُمَّ لَنَقُولَنَّ لِوَلِيِّهِۦ مَا شَهِدْنَا مَهْلِكَ أَهْلِهِۦ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ49
تهفسیری ئاسان: هەموویان سوێندیان بە خوا بۆ یەکتر خوارد کە لە شەودا بدەن بەسەر صاڵح و ماڵ و منداڵیدا و لەناویان بەرن، پاشان (ئەگەر گومانیان لێکردین) سوێند دەخۆین و بە کەس و کاری دەڵێین: ئێمە ئاگامان لە تیاچوونی ئەوان نیە و دڵنیا بن ئێمە ڕاستگۆشین.
وَمَكَرُوا۟ مَكْرًۭا وَمَكَرْنَا مَكْرًۭا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ50
تهفسیری ئاسان: (ئەو تاوانبارانە) پیلان و تەڵەکەیان گێڕا (بۆ لەناو بردنی صاڵح و شوێنکەوتوانی) ئێمەش نەخشەیەکی ترمان کێشا (بۆ ڕزگار کردنی ئیمانداران و لەناوبردانی خوا نەناسان) ئەوان ئاگایان لێ نەبوو، هەستیان پێ نەدەکرد.
فَٱنظُرْ كَيْفَ كَانَ عَٰقِبَةُ مَكْرِهِمْ أَنَّا دَمَّرْنَٰهُمْ وَقَوْمَهُمْ أَجْمَعِينَ51
تهفسیری ئاسان: جا ئیتر سەرنج بدە و تەماشاکە، سەرەنجامی پیلانەکەیان چیان بەسەرهات، بەڕاستی ئێمە ئەوانیش و هەموو قەومەکەیانمان لە ناوبرد (بەهۆی بومەلەرزەوە).
فَتِلْكَ بُيُوتُهُمْ خَاوِيَةًۢ بِمَا ظَلَمُوٓا۟ ۗ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَةًۭ لِّقَوْمٍۢ يَعْلَمُونَ52
تهفسیری ئاسان: ئەوەتە ماڵەکانیان کاول و چۆڵە بە هۆی ئەو ستەمەی کە کردیان، بەڕاستی ئا لەو بەسەرهاتەدا بەڵگەو نیشانەی تەواو هەیە بۆ کەسانێک کە لەشت تێبگەن و بزانن.
وَأَنجَيْنَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَكَانُوا۟ يَتَّقُونَ53
تهفسیری ئاسان: ئەوسا ئێمە ئەو کەسانەمان ڕزگار کرد کە باوەڕیان هێنابوو و ئەوانە پارێزکار بوون و لە خوا دەترسان.
وَلُوطًا إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِۦٓ أَتَأْتُونَ ٱلْفَٰحِشَةَ وَأَنتُمْ تُبْصِرُونَ54
تهفسیری ئاسان: (لوط پێغەمبەریش) کاتی خۆی بە قەومەکەی وت: باشە ئێوە ئەوکارە نابەجێ وتاوان و گوناهە ئەنجام دەدەن؟!، لەکاتێکدا ئێوە چاوتان هەیە و دەزانن (چۆن شەرمەزار و خەجاڵەت و ڕیسوا نابن).
أَئِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ ٱلرِّجَالَ شَهْوَةًۭ مِّن دُونِ ٱلنِّسَآءِ ۚ بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌۭ تَجْهَلُونَ55
تهفسیری ئاسان: ئایا ڕەوایە کە ئارەزووی خۆتان لەگەڵ پیاواندا ئەنجام بدەن لە جیاتی ژنان؟! نەخێر ئێوە ژیر نین، بەڵکو ئێوە گەلێکن سەرەنجامی ئەم ئیشە خراپە نازانن.