پیشاندان:
45. سورة الجاثية
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
حمٓ1
تهفسیری ئاسان: سەرنجی ئایەتی1 (الشوری) لاپەڕە483بدە.
تَنزِيلُ ٱلْكِتَٰبِ مِنَ ٱللَّهِ ٱلْعَزِيزِ ٱلْحَكِيمِ2
تهفسیری ئاسان: ئەم قورئانە لەلایەن خوای باڵادەست و داناوە، هاتووەتە خوارەوە.
إِنَّ فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ لَءَايَٰتٍۢ لِّلْمُؤْمِنِينَ3
تهفسیری ئاسان: بەڕاستی لە ئاسمانەکان و زەویدا بەڵگەو نیشانەی زۆر هەن دەربارەی گەورەیی و دەسەڵاتی پەروەردگار بۆ کەسانێک کە بڕوادارن.
وَفِى خَلْقِكُمْ وَمَا يَبُثُّ مِن دَآبَّةٍ ءَايَٰتٌۭ لِّقَوْمٍۢ يُوقِنُونَ4
تهفسیری ئاسان: هەروەها لە دروستکردنی ئێوەدا (لە ئەندامەکانی لەشتاندا، لە قوناغەکانی گەورە بوونتاندا، لە جیاوازی نێرو مێتاندا... هتد)، هەروەها لەو هەموو زیندەوەرە جۆراو جۆرانەی کە لەسەر زەوی و ژێر زەوی و ناو ئاودا هەن و بڵاویان دەکاتەوە، (لە چوار پێ و باڵندەکان، لە خشۆک و شەش پێکان، لە گیاندارانی هەمەجۆر لە قەبارەو ڕەنگ و شێوازدا، لە دەوریان لە خزمەتکردنی ئادەمیزادا، هەموو ئەوانە) بەڵگە و نیشانەن لەسەر دەسەڵاتی خوا بۆ کەسانێک کە دڵنیان و باوەڕی دامەزراویان هەیە.
وَٱخْتِلَٰفِ ٱلَّيْلِ وَٱلنَّهَارِ وَمَآ أَنزَلَ ٱللَّهُ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مِن رِّزْقٍۢ فَأَحْيَا بِهِ ٱلْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا وَتَصْرِيفِ ٱلرِّيَٰحِ ءَايَٰتٌۭ لِّقَوْمٍۢ يَعْقِلُونَ5
تهفسیری ئاسان: هەروەها لە جیاوازی شەوو ڕۆژدا، لەو ڕزق و ڕۆزیەی کەلە ئاسمانەوە خوا باراندوویەتی (وەک باران و تیشکی خۆرو گازەکان و... هتد، کە سەرچاوەی گەشەکردن و پێگەشتنی ڕوەک و هەموو زیندەوەرانە)، بەو هۆیەوە زەوی زیندوو کردەوە دوای وشکبوون و مردنی، هەروەها لە هاتوچۆو گۆڕان و جوڵەی هەوادا، لە هەر هەموو ئەوانەدا بەڵگە ونیشانەی زۆر هەن بۆ کەسانێک عەقڵ و بیرو هۆشیان دەخەنە کار.
تِلْكَ ءَايَٰتُ ٱللَّهِ نَتْلُوهَا عَلَيْكَ بِٱلْحَقِّ ۖ فَبِأَىِّ حَدِيثٍۭ بَعْدَ ٱللَّهِ وَءَايَٰتِهِۦ يُؤْمِنُونَ6
تهفسیری ئاسان: ئەی محمد صلی اللە علیە وسلم ئا ئەوانە بەڵگە و نیشانەی دەسەڵاتەکانی خوان، دەیخوێنینەوە بەسەر تۆدا سەرتاپای حەق و ڕاستەقینەیە، جا دوای خواو فەرمانەکانی بە چ گوتار و باسێکی تر باوەڕ دەکەن و ئیمان دەهێنن.
وَيْلٌۭ لِّكُلِّ أَفَّاكٍ أَثِيمٍۢ7
تهفسیری ئاسان: هاوار و قوربەسەری و ڕەنجەڕۆیی تەنها بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە زۆر درۆزن و بوختانچی و تاوانبارن.
يَسْمَعُ ءَايَٰتِ ٱللَّهِ تُتْلَىٰ عَلَيْهِ ثُمَّ يُصِرُّ مُسْتَكْبِرًۭا كَأَن لَّمْ يَسْمَعْهَا ۖ فَبَشِّرْهُ بِعَذَابٍ أَلِيمٍۢ8
تهفسیری ئاسان: هەیانە گوێ دەگرێت بۆ ئایەتەکانی خوا کاتێک بەسەریدا دەخوێنرێتەوە، لەوەودوا سوور دەبێت لەسەر بێ باوەڕی و خۆی بەزل دەزانێت، هەروەک نەیبیستبێت، جا مژدەی سزاو ئازارێکی بەئێش بدە بەو جۆرە کەسانە!!
وَإِذَا عَلِمَ مِنْ ءَايَٰتِنَا شَيْـًٔا ٱتَّخَذَهَا هُزُوًا ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ لَهُمْ عَذَابٌۭ مُّهِينٌۭ9
تهفسیری ئاسان: کاتێک شتێک لە ئایەت و فەرمانەکانی ئێمەی پێ بگات و بیزانێت، ئەوە دەیکاتە هۆی گاڵتەو گەمەجاڕ، ئا ئەوانە سزای خەجاڵەت ئاوەرو شەرمەزاری چاوەڕێیانە هەر لەم دنیادا....
مِّن وَرَآئِهِمْ جَهَنَّمُ ۖ وَلَا يُغْنِى عَنْهُم مَّا كَسَبُوا۟ شَيْـًۭٔا وَلَا مَا ٱتَّخَذُوا۟ مِن دُونِ ٱللَّهِ أَوْلِيَآءَ ۖ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ10
تهفسیری ئاسان: لە قیامەتیشدا، دۆزەخ بەدوایانەوەیە و لێی قوتارنابن، هەرچیەکیان کردبوو فریایان ناکەوێت (لە ماڵ و هێزو دەسەڵات)، هەموو ئەوانەش کەلە جیاتی خوا کردبوویان بەپاڵپشتی خۆیان، جا سزایەکی زۆر گەورە و سامناک بۆیان ئامادەیە.
هَٰذَا هُدًۭى ۖ وَٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ بِـَٔايَٰتِ رَبِّهِمْ لَهُمْ عَذَابٌۭ مِّن رِّجْزٍ أَلِيمٌ11
تهفسیری ئاسان: ئەم قورئانە ڕێنموویی بەخشە، بەرچاو ڕوونکەرەوەیە، ڕێ نیشاندەرە، ئەوانەش کە باوەڕیان نەبوو بە ئایەت و فەرموودەکانی پەروەردگاریان سزایەکی زۆر سەخت و بە ئێش چاوەڕێیانە.
۞ ٱللَّهُ ٱلَّذِى سَخَّرَ لَكُمُ ٱلْبَحْرَ لِتَجْرِىَ ٱلْفُلْكُ فِيهِ بِأَمْرِهِۦ وَلِتَبْتَغُوا۟ مِن فَضْلِهِۦ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ12
تهفسیری ئاسان: خوا ئەو زاتەیە کە دەریای بۆ ڕام کردوون تا کەشتی بە فەرمانی ئەو هاتووچۆی پیادا بکات، تا بچن بەدەم بەخشش و بەهرەکانیەوە و دەستان کەوێت (لە بازرگانی و ڕاوە ماسی و دەرهێنانی گەوهەر و مرواری و... هتد) بۆ ئەوەی سوپاسگوزاری خوا بکەن.
وَسَخَّرَ لَكُم مَّا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ جَمِيعًۭا مِّنْهُ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَٰتٍۢ لِّقَوْمٍۢ يَتَفَكَّرُونَ13
تهفسیری ئاسان: هەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا هەیە بۆ ئێوەی ڕام هێناوە، بۆ خزمەتگوزاری ئێوە فەراهەمی هێناوە، هەموویشی تێکڕا بەخششن لەلایەن ئەو زاتەوە، بەڕاستی ئا لەو بەخشش و دیاردانەدا بەڵگە و نیشانەی زۆرهەن بۆ کەسانێک کە بیربکەنەوە و تێفکرن.