پیشاندان:
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
سَبَّحَ لِلَّهِ مَا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ ۖ وَهُوَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْحَكِيمُ1
تهفسیری ئاسان: هەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا هەیە بەپاکی و بێگەردی یادی خوایان کردووە، هەر ئەویش باڵادەست و دانایە.
يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ2
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە بۆچی شتێک دەڵێن و ئەنجامی نادەن؟ بۆچی گوفتارتان دژی کردارتانە؟
كَبُرَ مَقْتًا عِندَ ٱللَّهِ أَن تَقُولُوا۟ مَا لَا تَفْعَلُونَ3
تهفسیری ئاسان: خەشم و ڕقێکی گەورەیە لای خوا ئەوەی کە دەیڵێن و نایکەن.
إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلَّذِينَ يُقَٰتِلُونَ فِى سَبِيلِهِۦ صَفًّۭا كَأَنَّهُم بُنْيَٰنٌۭ مَّرْصُوصٌۭ4
تهفسیری ئاسان: بەڕاستی خوا ئەو کەسانەی خۆس دەوێت کە دەجەنگن لەپێناو ڕێبازی خوادا بەیەک ڕیزو یەک پارچە و یەک دڵ، چونکە هەروەک کۆشکێکی بەرزی قایمی داڕێژراون بە قوڕقوشم.
وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِۦ يَٰقَوْمِ لِمَ تُؤْذُونَنِى وَقَد تَّعْلَمُونَ أَنِّى رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيْكُمْ ۖ فَلَمَّا زَاغُوٓا۟ أَزَاغَ ٱللَّهُ قُلُوبَهُمْ ۚ وَٱللَّهُ لَا يَهْدِى ٱلْقَوْمَ ٱلْفَٰسِقِينَ5
تهفسیری ئاسان: بیریان نخەرەوە، کاتێک کە موسا بە قەومەکەی وت: ئەی قەوم و هۆزم ئێوە بۆچی ئازاری ڕۆح و دڵم دەدەن، لە کاتێکدا بێگومان دەزانن کە من پێغەمبەر و ڕەوانەکراوی خوام بۆتان، جا کاتێک ئەوان گوێیان بۆ ڕاستی نەگرت و لەحەق لایاندا، خوایش دڵەکانیانی لەخشتە بردو مۆری پێدا نا، چونکە خوا ڕێنموویی قەوم و هۆزی تاوانکارو تاوانبارو لەسنوور دەرچوو ناکات.
وَإِذْ قَالَ عِيسَى ٱبْنُ مَرْيَمَ يَٰبَنِىٓ إِسْرَٰٓءِيلَ إِنِّى رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقًۭا لِّمَا بَيْنَ يَدَىَّ مِنَ ٱلتَّوْرَىٰةِ وَمُبَشِّرًۢا بِرَسُولٍۢ يَأْتِى مِنۢ بَعْدِى ٱسْمُهُۥٓ أَحْمَدُ ۖ فَلَمَّا جَآءَهُم بِٱلْبَيِّنَٰتِ قَالُوا۟ هَٰذَا سِحْرٌۭ مُّبِينٌۭ6
تهفسیری ئاسان: بیریان بخەرەوە، کاتێک عیسای کوری مەریەم بەنەوەی ئیسرائیلی وت: منیش بەڕاستی پێغەمبەری خوام بۆ سەر ئێوە، ڕاستی تەوراتیش دەسەلمێنم کەلە پێش مندا هاتووە، هەروەها مژدەدەریشم بەپێغەمبەرێک کە دوای من دێت و ناوی - ئەحمەد - ە، کەچی کاتێک بە بەڵگە و نیشانەی تێر و تەواوو موعجیزەی ئاشکراوە پێی ڕاگەیاندن، وتیان: ئەمە جادوویەکی ئاشکرایە.
وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ ٱفْتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ ٱلْكَذِبَ وَهُوَ يُدْعَىٰٓ إِلَى ٱلْإِسْلَٰمِ ۚ وَٱللَّهُ لَا يَهْدِى ٱلْقَوْمَ ٱلظَّٰلِمِينَ7
تهفسیری ئاسان: جا کێ لەو کەسە ستەمکارترە کە درۆی بۆ خوا هەڵبەستووە، لەکاتێکدا ئەو بانگ دەکرێت بۆ لای ئیسلام و موسڵمان بوون، خوایش هیدایەت و ڕێنموویی قەومی ستەمکار ناکات.
يُرِيدُونَ لِيُطْفِـُٔوا۟ نُورَ ٱللَّهِ بِأَفْوَٰهِهِمْ وَٱللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِۦ وَلَوْ كَرِهَ ٱلْكَٰفِرُونَ8
تهفسیری ئاسان: ئەوانە دەیانەوێت بەفوو، بەقەڵەی دەم، نووری خوا بکوژێننەوە!! (خەیاڵیان خاوە) خوا نووری خۆی، ئاینی خۆی، تەواو دەکات و دەیچەسپێنێت هەرجەندە کافرو بێ بڕواکان پێی سەغڵەت بن و پێیان ناخۆش بێت.
هُوَ ٱلَّذِىٓ أَرْسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلْهُدَىٰ وَدِينِ ٱلْحَقِّ لِيُظْهِرَهُۥ عَلَى ٱلدِّينِ كُلِّهِۦ وَلَوْ كَرِهَ ٱلْمُشْرِكُونَ9
تهفسیری ئاسان: هەر ئەو خوایە پێغەمبەرەکەی خۆی ڕەوانە کردووە هاوڕێ لەگەڵ هیدایەت و ڕێنموویی و ئاینی حەق و ڕاستیدا، تا سەری بخات بەسەر هەموو ئاین و بەرنامەکاندا، هەرجەندە موشریک و هاوەڵگەڕان پێیان ناخۆش بێت.
يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ هَلْ أَدُلُّكُمْ عَلَىٰ تِجَٰرَةٍۢ تُنجِيكُم مِّنْ عَذَابٍ أَلِيمٍۢ10
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە، دەستنیشانی بازرگانیەکتان بۆ بکەم، کە لە سزایەکی بە ئێش ڕزگارتان بکات؟!
تُؤْمِنُونَ بِٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَتُجَٰهِدُونَ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ بِأَمْوَٰلِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ ۚ ذَٰلِكُمْ خَيْرٌۭ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ11
تهفسیری ئاسان: سەرەتا باوەڕهێنانتانە بە خواو پێغەمبەرەکەی، ئینجا هەوڵ و تێکۆشانتانە لەڕێگەی خوادا بە بەخشینی ماڵ و سامانتان، وە بەخشینی خۆتان (واتە: ماندووکردنی جەستە و بیروهۆشتان، تا بەخت کردنیان لەپێناوی خوادا) بێگومان ئەو کارەتان چاکتر و بەفڕترە بۆتان ئەگەر بزانن و تێبگەن.
يَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَيُدْخِلْكُمْ جَنَّٰتٍۢ تَجْرِى مِن تَحْتِهَا ٱلْأَنْهَٰرُ وَمَسَٰكِنَ طَيِّبَةًۭ فِى جَنَّٰتِ عَدْنٍۢ ۚ ذَٰلِكَ ٱلْفَوْزُ ٱلْعَظِيمُ12
تهفسیری ئاسان: ئەوسا خوا لە گوناهو هەڵەکانتان خۆش دەبێت و دەتانخاتە باخەکانی بەهەشتەوە لە چەندەها ڕوبار بەژێر درەختەکانیدا تێ دەپەڕێت و جاریە، هەروەها کۆشک و تەلاری خۆش و ڕازاوە و پاک و خاوێن لە باخەکانی بەهەشتی عەدندا، بەڕاستی ئا ئەوەیە سەرکەوتن و سەرفرازی و دەستکەوتی گەورە و بێسنوور.
وَأُخْرَىٰ تُحِبُّونَهَا ۖ نَصْرٌۭ مِّنَ ٱللَّهِ وَفَتْحٌۭ قَرِيبٌۭ ۗ وَبَشِّرِ ٱلْمُؤْمِنِينَ13
تهفسیری ئاسان: جا شتێکی تریش هەیە کە حەزی لێ دەکەن، ئەویش بەخشینی سەرکەوتنە لەلایەن خواوە و کردنەوەی وڵاتان و دڵەکانە، ئەو مژدەیەش بدە بە ئیمانداران (لە هەموو سەردەمێک، گەر ئیمانداران لێ ببڕێن بۆ ئاینی خوای مەزن).
يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ كُونُوٓا۟ أَنصَارَ ٱللَّهِ كَمَا قَالَ عِيسَى ٱبْنُ مَرْيَمَ لِلْحَوَارِيِّۦنَ مَنْ أَنصَارِىٓ إِلَى ٱللَّهِ ۖ قَالَ ٱلْحَوَارِيُّونَ نَحْنُ أَنصَارُ ٱللَّهِ ۖ فَـَٔامَنَت طَّآئِفَةٌۭ مِّنۢ بَنِىٓ إِسْرَٰٓءِيلَ وَكَفَرَت طَّآئِفَةٌۭ ۖ فَأَيَّدْنَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ عَلَىٰ عَدُوِّهِمْ فَأَصْبَحُوا۟ ظَٰهِرِينَ14
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەو کەسانەی کە ئیمان و باوەڕتان هێنەوە ببنە پشتیوانی بەرنامە و دینی خوا ببینە لایەنگری پەروەردگار، هەروەکو عیسای کوڕی مەریەم بە حەواریەکانی هاوەڵی وت: کێ پشتیوان و یارو یاوەرمە بۆ ڕێبازی خوا، حەواری و هاوەڵەکانی وتیان: ئێمە ئامادەین ببینە پشتیوان و لایەنگیری خوا، ئەوسا ئیتر خەڵکی بوون بە دوو دەستەوە، دەستەیەک لە نەوەی ئیسرائیل باوەڕی هێناو شوین بەرنامەی خوا کەوت، دەستەیەکیش ڕێبازی کوفری گرتەبەر، جا ئێمەش پشتیوانیمان لە ئیمانداران کردو بەو هۆیەوە سەرکەوتنمان بەسەر دوژمنەکانیاندا پێبەخسین و زاڵ بوون.