پیشاندان:
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
إِذَا ٱلسَّمَآءُ ٱنفَطَرَتْ1
تهفسیری ئاسان: کاتێک ئاسمان لەت لەت و پارچە پارچە دەبێت.
وَإِذَا ٱلْكَوَاكِبُ ٱنتَثَرَتْ2
تهفسیری ئاسان: کاتێک ئەستێرە و هەسارەکان پەرش و بلاو دەبنەوە و ورد و خاش دەبن.
وَإِذَا ٱلْبِحَارُ فُجِّرَتْ3
تهفسیری ئاسان: کاتێک دەریاکان دەتەقێنرێنەوە.
وَإِذَا ٱلْقُبُورُ بُعْثِرَتْ4
تهفسیری ئاسان: کاتێک کە گۆرەکان ژێرە و ژوور دەکرێن (مردووەکانی ناویان دەهێنرێنە دەرەوە و زیندوو دەکرێنەوە).
عَلِمَتْ نَفْسٌۭ مَّا قَدَّمَتْ وَأَخَّرَتْ5
تهفسیری ئاسان: ئەوسا هەرکەس دەزانێت چی پێشخستووە و چی دواخستووە، چی دەستپێشکەری کردووە و چیشی هێشتۆتەوە (لە کارو کردەوەی چاک، یان خراپ کە خەڵکی دوای خۆی چاویان لێ کردووە).
يَٰٓأَيُّهَا ٱلْإِنسَٰنُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ ٱلْكَرِيمِ6
تهفسیری ئاسان: ئەی ئینسان!! تۆ چی وای لێکردویت کە سەرکەش بیت بەرامبەر پەروەردگاری میهرەبان و بەڕێزت؟ چی وای لێکردویت کە وەکو پێویست قەدری نەزانیت؟ (نافەرمان و یاخی بیت؟).
ٱلَّذِى خَلَقَكَ فَسَوَّىٰكَ فَعَدَلَكَ7
تهفسیری ئاسان: (بەمەرجێک) ئەو پەروەردگارە تۆی دروست کردووە، بە ڕێکوپێکترین شێوە، بەجوانترین شێواز (ئەندامەکان هەموو لەشوێنی تایبەتی خۆیاندا دانراون کە بتوانن کارو فرنانی خۆیان بەچاکی ئەنجام بدەن و ئەو ئەندامانەش کە جووتن قەبارە و درێژی و شێوەیان چوونیەکە، جگە لەوەی کە یارمەتی و تەباییەکی تەواو هەیە لەنێوانیاندا و هەمووان هاوکارن).
فِىٓ أَىِّ صُورَةٍۢ مَّا شَآءَ رَكَّبَكَ8
تهفسیری ئاسان: لەهەر شێوە و شێوازێکدا کە ویستوویەتی تۆی ڕێکخستووە و ئەندامەکانتی بەیەکەوە لکاندووە.
كَلَّا بَلْ تُكَذِّبُونَ بِٱلدِّينِ9
تهفسیری ئاسان: واز بهێنن لە بێ ئاگایی، (نەدەبوو وابێت بەرامبەر ئەو پەروەردگارە جوانکارەت، سەرەڕای ئەو هەموو ڕوون کردنەوانە) بەڵکو بڕوا بەڕۆژی پاداشت ناکەن!!
وَإِنَّ عَلَيْكُمْ لَحَٰفِظِينَ10
تهفسیری ئاسان: بێگومان ئێوە چاودێرتان لەسەر دانراوە.
كِرَامًۭا كَٰتِبِينَ11
تهفسیری ئاسان: لە فریشتە بەڕێزە تۆمارکارەکان.
يَعْلَمُونَ مَا تَفْعَلُونَ12
تهفسیری ئاسان: کە ئاگاو زانان بەهەوو ئەو کردەوە و ڕەفتارانەی کە ئەنجامی دەدەن.
إِنَّ ٱلْأَبْرَارَ لَفِى نَعِيمٍۢ13
تهفسیری ئاسان: (سەرئەنجام) بەڕاستی چاکان، خواناسان لەناو نازو نیعمەتدا ژیانی پڕ لە شادی و خۆشی دەبەنەسەر.
وَإِنَّ ٱلْفُجَّارَ لَفِى جَحِيمٍۢ14
تهفسیری ئاسان: بێگومان تاوانبارو تاوانکارەکانیش لەناو دۆزەخدا ژیانی پڕ لە ئێش و ئازار دەبەنەسەر.
يَصْلَوْنَهَا يَوْمَ ٱلدِّينِ15
تهفسیری ئاسان: کە لە ڕۆژی قیامەتدا دەخرێنە ناوی و دووچاری دەبن.
وَمَا هُمْ عَنْهَا بِغَآئِبِينَ16
تهفسیری ئاسان: لەناویدا ئەوان بەهیچ شێوەیەک ڕزگاریان نابێت و ناتوانن لێی دووربکەنەوە و خۆیانی لێ بشارنەوە.
وَمَآ أَدْرَىٰكَ مَا يَوْمُ ٱلدِّينِ17
تهفسیری ئاسان: جا تۆ ئەی ئینسان چووزانیت ڕۆژی قیامەت چیە و چۆنە؟!
ثُمَّ مَآ أَدْرَىٰكَ مَا يَوْمُ ٱلدِّينِ18
تهفسیری ئاسان: پاشان تۆ چووزانیت ئەو ڕۆژە چۆن ڕۆژێکە، (چەند سەختە، چەند سامناکە، چەندە پڕ لە مەینەتە).
يَوْمَ لَا تَمْلِكُ نَفْسٌۭ لِّنَفْسٍۢ شَيْـًۭٔا ۖ وَٱلْأَمْرُ يَوْمَئِذٍۢ لِّلَّهِ19
تهفسیری ئاسان: ئەو ڕۆژە کەس فریای کەس ناکەوێت، کەس هیچ شتێکی لە دەست نایەت بۆ کەسانی تر، ئەو ڕۆژە هەموو شتێک بەدەست خوایە، فەرمان تەنها فەرمانی پەروەردگاری دادپەروەرە.