پیشاندان:
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
ٱقْرَأْ بِٱسْمِ رَبِّكَ ٱلَّذِى خَلَقَ1
تهفسیری ئاسان: (ئەی محمد صلی اللە علیە وسلم) بخوێنە بەناوی ئەو پەروەردگارەتەوە کە هەموو شتێکی دروست کردووە.
خَلَقَ ٱلْإِنسَٰنَ مِنْ عَلَقٍ2
تهفسیری ئاسان: ئادەمیزادی لە چەند خانەیەکی هەڵواسراو (لەناو منداڵداندا) دروست کردووە.
ٱقْرَأْ وَرَبُّكَ ٱلْأَكْرَمُ3
تهفسیری ئاسان: بخوێنە، لەکاتێکدا هەر پەروەردگاری تۆ بەخشندەیە.
ٱلَّذِى عَلَّمَ بِٱلْقَلَمِ4
تهفسیری ئاسان: ئەو زاتەیە کە بەهۆی قەڵەمەوە زانستی و زانیاری فێر کردووە.
عَلَّمَ ٱلْإِنسَٰنَ مَا لَمْ يَعْلَمْ5
تهفسیری ئاسان: ئادەمیزادی فێری ئەو شتانە کردووە کە نەیزانیوون.
كَلَّآ إِنَّ ٱلْإِنسَٰنَ لَيَطْغَىٰٓ6
تهفسیری ئاسان: نەخێر (لەگەڵ ئەو هەموو چاکەو ڕێزەدا کە خوا بەخشیویەتی بە ئینسان) بەڕاستی خەڵکی سەرکەشی دەکەن، یاخی دەبن، ستەم دەکەن.
أَن رَّءَاهُ ٱسْتَغْنَىٰٓ7
تهفسیری ئاسان: لەبەر ئەوەی هەر ئادەمیزاد هەستی کرد دەوڵەمەندو بێ نیازە (لەڕووی ئابووری، یان تەندروستی، یان زانستی... هتد)یەوە.
إِنَّ إِلَىٰ رَبِّكَ ٱلرُّجْعَىٰٓ8
تهفسیری ئاسان: (ئەوە فەرامۆش دەکات کە): بێگومان سەرەنجام گەڕانەوە هەر بۆ لای پەروەردگارتەو (لەسەر کەش و یاخیەکان دەپرسێتەوە).
أَرَءَيْتَ ٱلَّذِى يَنْهَىٰ9
تهفسیری ئاسان: باشە، پێم بڵێ ئایا ئەو کەسەی کە فەرمان دەدات و ڕێگری دەکات؟!...
عَبْدًا إِذَا صَلَّىٰٓ10
تهفسیری ئاسان: لە بەندەیەکی خوا کاتێک نوێژ دەکات!!...
أَرَءَيْتَ إِن كَانَ عَلَى ٱلْهُدَىٰٓ11
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەگەر ئەو کەسەی قەدەغەی لێدەکرێت لەسەر ڕێبازی هیدایەت و چاکە بێت!!
أَوْ أَمَرَ بِٱلتَّقْوَىٰٓ12
تهفسیری ئاسان: یان فەرمان بە خواناسی بکات!!...
أَرَءَيْتَ إِن كَذَّبَ وَتَوَلَّىٰٓ13
تهفسیری ئاسان: ئەی ئەگەر (کابرای خوانەناس) بەرنامەی خوا بەدرۆ بزانێت و پشتی تێ بکات.
أَلَمْ يَعْلَم بِأَنَّ ٱللَّهَ يَرَىٰ14
تهفسیری ئاسان: ئایا نەیزانیووە کە خوا دەیبینێت و ئاگای (لە گوفتارو کرداریەتی)؟!
كَلَّا لَئِن لَّمْ يَنتَهِ لَنَسْفَعًۢا بِٱلنَّاصِيَةِ15
تهفسیری ئاسان: نەخێر.. سوێند بەخوا ئەگەر کۆڵ نەدات و کۆتایی (بە دوژمنکاری نەهێنێت)، ئێمە پێشە سەری دەگرین (بۆ دۆزەخ کێشی دەکەین).
نَاصِيَةٍۢ كَٰذِبَةٍ خَاطِئَةٍۢ16
تهفسیری ئاسان: ئەو پێشە سەرە درۆزنە تاوانکارە (پێشە سەر: جێگەی بیر کردنەوەو تێفکرانە).
فَلْيَدْعُ نَادِيَهُۥ17
تهفسیری ئاسان: ئینجا وازی لێبهێنە، با هاوەڵ و هاوبیرو باوەڕانی بانگ بکات و (کۆیان بکاتەوە بۆ دژایەتی ئیمانداران).
سَنَدْعُ ٱلزَّبَانِيَةَ18
تهفسیری ئاسان: ئێمەش فریشتەکانی کاربەدەستی دۆزەخی بۆ بانگ دەکەین (تا تۆڵەی لێ بسێنن و لە دۆزەخ توندی بکەن).
كَلَّا لَا تُطِعْهُ وَٱسْجُدْ وَٱقْتَرِب ۩19
تهفسیری ئاسان: نەخێر بەگوێی ئەو جۆرە کەسانە مەکە، تۆ هەر سەرگەرمی نوێژو سوژدە ببەو بە بەندایەتی خۆت لە پەروەردگارت نزیک بکەرەوە.